ZNA-هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.10.5، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەرى مەسعود کەڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، هەڵمەتى پاککردنەوە و دروستکردنى چەند پردێکى کۆرنیشى شارى هەولێرى بەسەرکردەوە، کە لەچوارچێوەى هەڵمەتی گشتگیرى پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی هەولێر بەر لە وەرزی باران بارین و بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەكی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و دروستبوونی لافاو لەشارى هەولێر دەستی پێکراوە.
پارێزگارى هەولێر، لەبەسەر کردنەوەکەیدا وێڕاى دەستخۆشى لە تیمەکانى پاککردنەوە و سەرۆکایەتى شارەوانى و هەموو ئەوانەى کە بەشدارن لەو هەڵمەتەدا، داواى لە هاوڵاتییان کرد وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکى نیشتیمانى هاوکارى تیمەکانى شارەوانى بن و پاک و خاوێنى شارى هەولێر ببپارێزن.
ئەم هەواڵە 445جار خوێندراوەتەوە |