ZNA - ههولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە بەردی بناغەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبایی نێوان ھەردوو وڵاتیان دانا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی دوای گەیشتنی بۆسەر سنووری عێراق-ئوردن لەگەڵ بیشر ھانی خەساونە بناغەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبایی نێوان ھەردوو ڵاتیان داناوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی رێورەسمەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی وزە لەنێوان عێراق و ئوردن، ھەروەھا رەنگدانەوەی راستەقینەی دەبێت بەرامبەر بە سیاسیەتیی کرانەوە و ھاریکارییەکان کە حکوومەتی عێراق پشتی پێ بەستووە.
باسی لەوەش کردووە کە لە پەراوێزی رێورەسمەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکوەزیرانی ئوردن، بیشر ھانی خەساونە کۆبوونەتەوە و پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ھەروەھا گەشەپێدان بە ھاریکارییە ھەرێمییەکانیان لەچوارچێوەی لووتکەی سێقۆڵیی بەغدا کە سەرکردەکانی ئوردن، میسر و عێراق تیایدا بەشداربوون تاوتوێ کردووە.
ھەروەھا ئەوە خراوەتەڕوو کە گفتوگۆکراوە لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامانەی کە لەنێوان عێراق و ئوردندا واژووکراون، بەتایبەتیش ئەو رێککەوتننامانەی کە لە بوارەکانی بەستنەوەی کارەبایی، کشتوکاڵ، گواستنەوە، ئاسایشی خۆراک، پەیوەندییە دارایی و بانکییەکان وژاووکراون.
راشیگەیاندووە کە ھەردوولا پەرۆشی حکوومەتەکانیان بۆ پەرەپێدان بە میکانیزمی کاری دووقۆڵیی نیشانداوە، بەجۆرێک ببێتە مایەی تەواوکاریی لەگەڵ ئاسۆی کاری ھەرێمیی و گەشەپێدانی بەردەوام، ھەروەھا ھەوڵەکانیان بۆ ئامادەکاریی بەستنی لووتکەی داھاتووی سێقۆڵیی تاوتوێ کردووە.
ئەم هەواڵە 331جار خوێندراوەتەوە |