ZNA- هەولێر
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکانی وڵات لە کاریگەرییەکانی پێکنەهێنانی حکومەت و دەڵێت: "لەدوای یەک ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەخت، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە دەستوبرد بکرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-10-2022، یونامی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد بێ مەرج دەست بە گفتووگۆ بکەن و سازشیش بۆ یەکدی بکەن.
یۆنامی راشیگەیاند، ساڵێک لەمەوبەر لە ژێرفشاری خۆپیشاندانەکاندا کە هەزاران هاوڵاتی تێیدا گیانیان لەدەستدا، عێراقییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بە هیوای ئەوەی داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان دروست بکەن بەڵام ئەو پرۆسە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکاری بەدوادا هات کە دواجار بە بێهیواییەکی گشتی گەیشت.
لەراگەیێندراوەكەشدا ئەوە هاتووە، عێراق هێندە کاتی لەبەردەستدا نەماوە ئەو قەیرانەی کە هەیە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ناسەقامگیری وڵات و رووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەن بۆ ئەو مەترسییە.
باس لەوەشکراوە، لە چەند هەفتە و مانگی رابردوودا هەوڵی چڕ بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە تاوەکو بە سەقامگیریی سیاسی بگەن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە و ئێستا کاتی هاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی حکومەتی نوێ لەئەستۆ بگرێت.
هەروەها کنسوڵخانەی فەڕەنسا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، فەڕەنسا پاڵپشتی راگەیەندراوەکەی یۆنامی دەکات و داوایان لە سەرجەم لایەنەکانی عێراق کرد بە بێ مەرج گفتووگۆ بکەن.
ئەم هەواڵە 445جار خوێندراوەتەوە |