ZNA – هەولێر
بەربژێری سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پێوستی بە پارەیە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی، بۆیە ناتوانێت بەرهەمە نەوتییەکەی کەمبکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەم هێنانی نەوتی دا.
رۆژی دووشەممە 10-10-2022، میدیایەكی ئەمریکی بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە: بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی رۆژانەی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەوە بۆ عێراق دەستنادات، چونكە عێراق پێویستی بەوەیە نەوتی خاوی زیاتر بفرۆشێت، تاوەکو بتوانێت ئابوورییەکەی ببووژێنێتەوە، ئەمەش لەدوای شەڕی زیانبەخشی داعش و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
سوودانی، پێشنیاز دەکات پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتدا لە چوارچێوەی ئەو رێکخراوە زیاتر بکرێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەوان حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن، "داوا لە ئۆپێک دەکەین، چاو بە پشکی عێراقدا بخشێنێتەوە"، لە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو رێکخراوەدا.
لە مانگی تەممووزی رابردوو سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بەربژێر کرا، کە زۆربەی لایەنەکانی ئەو چوارچێوەیە، پێکهاتوون لەو لایەن شیعانەی لە ئێرانەوە نزیکن.
ئەم هەواڵە 328جار خوێندراوەتەوە |