ZNA- هەولێر ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشی تووندی کردە سەر هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداریی حکومەتەکە ناکەین."
رۆژی شەممە 15-10-2022، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری تایبەتی خۆی هێرشی تووندی کردە سەر هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراق و بە "هاوپەیمانیی شوێنکەوتەیی و میلشیایی تاقیکراو" ناوی بردن و گوتی: "هاوپەیمانیی شوێنکەوتەیی و میلیشیایی تاقیکراو، خواست و ویستەکانی گەلی نە بەدیهێناوە و نە بەدیدەهێنێت."
ساڵح محەممەد عێراقی باسی شکستهێنانی هەوڵەکانی رەوتی سەدر و پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و دەڵێت، ئەو حکومەتە "نە رۆژهەڵاتی دەبوو و نە رۆژئاوایی. حکومەتێک دەبوو کە پاک دەبوو و چەک لەدەست هێزە ئەمنییەکان دەبوو."
وەزیرەکەی موقتەدا سەدر داوا دەکات "عێراق نەبێتە یاری دەست ئەجێندای دەرەکی و چەک نەکەوێتە دەست کۆنترۆڵنەکراوەکان و پارەی خەڵکیش نەچێتە گیرفان و بانکی گەندەڵکارانەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ساڵح محەممەد عێراقی دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە حکومەت ناکەن، چ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و ئاماژە بەوەش دەکات کە نابێت هیچ کەسێک بەناوی سەدرەوە بەشداری ئەو حکومەتە بکات. دەشڵێ، "دووپاتیدەکەینەوەکە هیچ کەسێکی سەر بە ئێمە بەشداریی حکومەت ناکات، چ ئەوانەی لە حکومەتەکانی رابردوو بوون یان حکومەتی ئێستا بەشدارن؛ یان ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن یان ئەوانەی پێشتر؛ یان ئەوانەی لە ئێمە جیادەبنەوە چ لە نێوخۆی عێراق بێت یان دەرەوەی؛ یان هەر کەسێک لەسەر ئێمە هەژمار دەکرێ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە رەهایی هەر پاساوێک بۆ بەشدارییکردنیان رەتدەکەینەوە."
ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە |