ZNA- هەولێر
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان باس لە دۆسیەی دزینی پارە لە عێراقدا دەکات و داوا دەکات، بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە و لە پرژەی خزمەتگوزاریدا بەکاربهێندرێن.
جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتێکدا تایبەت بە پرسی پارە دزراوەکانی عێراق نووسیویەتی، "عێراق دەتوانێت چی بە پارە دزراوەکانی بکات؟ کە چەندین ملیار دۆلارە.
ئەو گوتیشی : "عێراق دەتوانێت ئەو پارە دزراوانە بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە و وزە و ئاو و ڕێگاوبان و چەندین شتی دیکەش بەکاریبهێنێت، پێویستە ئەو پارانە بگەڕێنەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان."
پلاسخارت ئەوەشی نووسیوە، "پشتگیری حکومەتی عێراق دەکەین لە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە سەبارەت بە پرسی پارە دزراو و بەهەدەر دراوەکانی وڵاتەکە."
جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە لەعێراق و لەماوەی رابردوودا و لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە عێراق ئاماژەی بە قەیرانەکانی عێراق کرد و لەنێویشیاندا جەختی لە هەبوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و چەقبەستوویی سیاسی و پێکنەهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کرد.
ئەم هەواڵە 430جار خوێندراوەتەوە |