ZNA – هەولێر
دەستەى دەستپاکی عێراق بەتۆمەتی بەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی كەسی، سێ فەرمان دەردەکات بۆ ئامادەبوونی پارێزگارى پێشووترى بابل لە دادگا، هەروەها خانووى بەکرێ گرتووە بەبێ ئەوەى کرێ بدات.
رۆژی یەكشەممە 23-10-2022، دەستەى دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ بڕیارى دژى پارێزگارى پێشووترى بابل دەرکردووە بۆ ئەوەی لە دادگا ئامادە بێت، ئەوەش بەتۆمەتى ئەوەی ئەرکەکەی بەمەبەستى بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو پارێزگارەى پێشووترى بابل خانوویەکى لە شارى حیللەى ناوەندى پارێزگاى بابل بە کرێ گرتووە بەدرێژایی ئەو ماوەیەی پارێزگار و دواتریش پەرلەمانتار بووە، بێ ئەوەى کرێکەى بدات.
دەستەى دەستپاکى راشیگەیاند: پارێزگارى پێشووترى بابل زەویى تەرخانکراوى بۆ کەسوکارى شەهیدان داوەتە کەسانێک کە کەسوکارى شەهیدان نەبوون.
ئەو بەرپرسەى پێشووترى بابل بەگوێرەى ماددەى 331ى یاساى سزادانى عێراقى ئەو فەرمانانەى بۆ دەرکراوە کە سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنى داراییە.
ئەم هەواڵە 388جار خوێندراوەتەوە |