ZNA- هەولێر
ئەمڕۆ 8-11-2022، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکات و دەنگ لەسەر درێژکردنەوەى بڕیارى لێخۆشبوونى گومرگ و باجى سەر خۆراکیش دەدات.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق کە فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە پێنج بڕگە پێکدێت، سەرەکیترینیان دەنگدان دەبێت لەسەر بڕیارى درێژکردنەوەى لێخۆشبوونى گومرگ و باج لەسەر خۆراک.
بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 72ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە لە 15ى ئادارى 2022 دەریکرد، گومرگ و باجى سەرخۆراکى بنەڕەتى هاوردەکراو هەڵگیرا، ئەمەش بەمەبەستى رێگرى لە گرانبوونى نرخى خۆراک، ئەو بڕیارە بۆ ماوەى سێ مانگە و لەگەڵ کۆتایی هەموو سێ مانگێكدا بڕیارەکە نوێ دەکرێتەوە.
لە خشتەى کارى پەرلەمان هاتووە، خوێندنەوەى دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە: پڕۆژەیاساکانى رۆژی نیشتمانى، هەموارى یەکەمى یاساى چاودێرى خاوەن پێداویستى تایبەت، بیمەى کۆمەڵایەتى و خانەشینى کار.
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |