ZNA – هەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر، پێویستییان بە چارسەركردنە، بەتایبەت، پرۆژە یاسای نەوت و غاز لە گرنگترین ئەو پرۆژانەن كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان گفتووگۆیان لەبارەوە دەكرێت.
رۆژی سێشەممە، 8-11-2022، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سێ دۆسیەی گرنگ هەیە لەگەڵ توركیا كە بریتین لە ئاسایش و ئاو و ئابووری، هیوادارن لەگەڵ بەرپرسانی توركیا چاوپێكەوتن و لێكگەیشتن دروست ببێت.
سودانی گوتیشی: كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر، ئەوانەی پەیوەندییان بە نەوتەوە هەیە، یان ئەوانەی پەیوەندییان بە بودجەوە هەیە، پێویستیان بە چارەسەرە بەپێی دەستور.
سودانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، پرۆژە یاسای نەوت و غاز لە گرنگترین ئەو پرۆژانەن كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان گفتووگۆیان لەبارەوە دەكرێت، بەر لەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و رەوانەی پەرلەمان بكرێت.
دەشلێت، حكومەت بەشێوەیەکی بەپەلە کاردەکات تاوەکو پڕۆژە یاسای بودجە بگەیەنێتە پەرلەمان و لە ماوەی داهاتوودا لە رێگەی پڕۆژەی سندوقی وەبەرهێنانەوە کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون دەکرێت.
ئەو باسی لەوەشکرد، سندوقی وەبەرهێنانی عێراق دادەمەزرێن و بەشێک لە داهاتی نەوتی تێدا پاشەکەوت دەکرێت و پاشان ئەو پاشە کەوتە لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک کارەبا و رێگاوبان و نیشتەجێبوون بەکاردەهێنرێت و لە رێگەی دوو شارەزای ئابوری ژاپۆنییەوە مشتومڕ لەسەر دامەزراندنی ئەم سندوقە دەکرێت.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |