ZNA – هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، بڕی ئەو 70 ملیار دینارەی بۆ خەرجییەکانی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر تەرخانکرابوو ببڕێت و هەروەها 74 هەزار دەرچووی زانکۆش دادەمەزرێنێت.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەرجەم فەرمانە دیوانییەکانی حکومەتی کاربەرێکەری پێشووی هەڵوەشاندەوە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: بڕی ئەو 70 ملیار دینارەی بۆ خەرجییەکانی نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوو تەرخانکرابوو لە نۆژەنەکردنەوەی قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنرێت.
لە راگەیەنراوەکەشد ئەوە هاتووە: 74 هەزار دەرچووی زانکۆ بەپێی شارەزاییان لە وەزارەتەکانی عێراق دادەمەزرێن.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەشکردووە، پێویستە دووبارە بەدواداچوون بۆ پرسی زەوییەکان و کۆمەڵە تایبەتمەندەکانی بنیادنانی یەکەی نیشتەجێبوونی سەر بەوەزارەتی دارایی بکرێتەوە و لە کۆبوونەوەی وەزارەتەکانی دارایی و نیشتەجێبوون و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و کاروباری گشتی لە ماوەی 30 رۆژدا راسپاردەکانیان سەبارەت بەم پرسە بنێڕنەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا راسپاردەی پەرلەمان سەبارەت بە پۆستی "جوحی حەمادی" وەک بەرێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکشێنرێتەوە و لە جێی ئەو "ئیحسان یاسین" ببێتە بەڕێوەبەری نوێی نوسنگەی سەرۆکوەزیران .
ئەم هەواڵە 427جار خوێندراوەتەوە |