ZNA - ههولێر
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی داوە، کە ئەو کەسانەی لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، بە شەهید هەژمار بکرێن.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق وتی، ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تازەی عێراق کۆبووینەوە و داوامان کرد کە ئەو کەسانەی لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان بە هۆی بۆردوومانەکان شەهید بوون، وەکو شەهید هەژمار بکرێن، ئەویش لای خۆی نووسی و زۆری پێ باش بوو و رەزامەندیی نیشاندا، بۆیە ئەو کەسانە وەکو شەهید هەژمار دەکرێن و موچەی شەهیدانە بدرێتە وارسەکانیان.
باسی لهوهش كرد: داواشمان کرد، ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە و گوندەکانیان چۆڵ کردووە، بۆ گوندەکانیان بگەڕێنەوە و قەرەبووش بکرێنەوە، چوونکە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
ئهوهشی خستهروو: ئەوانەی بە هۆی بۆردوومانەکان لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان شەهید بوون، ژمارەیان 120 کەسە بڕیارە بە شەهید هەژمار بکرێن و بخرێنە سەر دەزگای شەهید لە عێراق و مووچەش لەلایەن عێراقەوە بدرێتە وارسیان.
پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، كە بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیاوە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 120 كەس گیانیان لەدەست داوە.
ئەم هەواڵە 247جار خوێندراوەتەوە |