ZNA – هەولێر
حکوومەتی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش ئەرکی شەڕکردنیان لە وڵاتەکەدا تەواو بووە و تەنیا پشتیوانی مەشقی سەربازیی و پڕچەککردن لەوانەوە وەردەگرن.
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا رەسوڵ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ''هەوڵدەدەین بە باشترین شێوە سوپای عێراق پڕچەک بکەین، لەلایەن تورکیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئەمریکاوە داواکاری لەو شێوەیە هەیە.
وەزیری بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپامان چاودێری پرۆسەکە دەکەن لەو بارەیەوە. لە هەمان کاتدا کۆمیسیۆنی تەکنیکیشمان ئامادەیە، پشتیوان بەخوا باشترین چەک و دامەزراوەی سەربازییمان دەبێت''.
رەسوڵ باسی لە بەردەوامی هاریکاری نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کرد لە ناوچە جێناکۆکەکان و رایگەیاند: ''هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستمی بەرگریی نیشتمانی عێراق، لەگەڵ ئەواندا هاریکاری و هەماهەنگییمان لەسەر ئاستی باڵا درێژەی هەیە، ئێمە لە باشترین کاتی هاودەنگییداین لەگەڵ پێشمەرگەدا''.
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گوتی: ئەو هێزانە ئەرکی شەڕکردنیان لە وڵاتەکەدا تەواو بووە و تەنیا پشتیوانی مەشقی سەربازیی و پڕچەککردن لەوانەوە وەردەگرن.
ئەم هەواڵە 400جار خوێندراوەتەوە |