English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
سه‌رۆك كۆماری عێراق كارنامه‌یه‌كی 17 خاڵی راگه‌یاند
2022-11-14 [12:24 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید لە میانی راگەیاندنی کارنامەکەیدا، جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکاندا، هەوڵدەدەن چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزنەوە.

لەتیف رەشید کارنامەکەی کە لە ١٧ خاڵ پێکهاتووە لە گوتارێکدا لە رۆژنامەى "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراق بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێشتر کارنامەکەی، پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان کردوووە و نووسیویەتی "بەر لەوەى وەک سەرۆکۆمار هەڵبژێردرێم، کارنامەیەکى گشتیم ئامادە کرد و پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکانم کردووە".

راشیگەیاندووە "کارنامەکە، بنەماى لێکتێگەیشتنمان بوو بۆ ئەو پاڵپشتییە پەرلەمانییەى کە بەدەستمان هێنا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانى گەلەوە، متمانەمان پێدرا".

سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید باسی لە گرنگترین خاڵەکانى نێو کارنامەکەی کردووە کە خۆی لە بوونی هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەبینێتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى خێرا و هەمیشەیی بۆ کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەک و کێشەکانى نێوان پارێزگاکانى عێراق و وەزارەتەکان لەلایەکی دیکەوە و نووسیوویەتی "کارنامەکەم لە پێناو هێنانەدی ژینگەیەکى سروشتى لە سەرجەم ناوچەکانى عێراق ئامادەکردووە، بەشێوەیەک کە پاڵپشت بێت بۆ دامەزراندنى بنەماکانى یەکڕیزی نیشتمانیى".

عەبدولـلەتیف رەشید لە بەشێکى دیکەى کارنامەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە کە هەوڵی زیاتر دەدات، بە ئامانجی بەدەستهێنانى پاڵپشتیى نێودەوڵەتیی بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

سەرکۆماری عێراق لە خاڵێکی دیکەی کارنامەکەیدا، رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ باشکردنی رەوشی هێزە چەکدارەکان و سنووردارکردنى هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و کۆکردنەوەی لەژێر دەسەڵاتی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە فەرمییەکان.

لەتیف رەشید لە خاڵێکی دیکەی کارنامەیەکدا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەى بەهۆى ململانێى چەکدارى و کاریگەرییەکانی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون.

سەرکۆماری عێراق لە خاڵێکی دیکەی کارنامەکەیدا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە کار دەکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنى تەکنیکى و دادپەروەرانە کە مافى عێراق لە ئاو دەستەبەر بکات، هەروەها کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنى پەیوەندییەکانى وڵات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کە گەرەنتى پاراستنی سەروەریى عێراق بکات و بتوانێت پارێزگارى لە بەرژەوەندییەکانى بکات.

رۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم عەبدولـلەتیف  رەشید بە سەرکۆماری نوێی عێراق ھەڵبژێردرا و دواتر رایگەیاند کە لە ماوەی نزیکدا، کارنامەکەی بڵاودەکاتەوە.

 

AA





ئەم هەواڵە 253جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad