ZNA--هەولێر رۆژی سێشەممە نرخی زێڕ لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی 3 مانگی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوەکرا و ئێستا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1770 دۆلار بە جێگری مایەوە.
بازرگانانی زێڕ هیوادارن کە لە مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە رێژەیەکی کەمتر سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی بە رێژەی 0.75٪ سوودی بانکی بەرزبکاتەوە تەنیا 0.5٪ سوودی بانکی زیاد دەکات.
لەلایەکی دیکەوە لایل برەینارد، جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە بەم زووانە کاتی ئەوە دێت کە بانکی ناوەندی سیاسەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی خۆی بووەستێنێت.
هاوکات گەورەترین سندووقی وەبەرهێنان لە زێڕ لە جیهاندا کە بە SPDR ناسراوە رایگەیاندووە کە قەبارەی یەدەکی زێڕی سندووقەکە بەرزبووەتەوە بۆ 910 تۆن و 410 کیلۆ و بەو پێیەش کڕینی زێڕ لەلایەن گەورەترین سندووقی وەبەرهێنان بە کانزای زەرد زیادیکردووە.
ئەم هەواڵە 244جار خوێندراوەتەوە |