ZNA – هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە، هێرش و دەستدرێژییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆسەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییانی.
ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەلایەن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشتووە.
سەحاف گوتیشی، فوئاد حسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە هاوتا ئێرانییەکەی راگەیاندووە، هێرشە موشەکییەکان و درۆنەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەند کەسێک.
ئەوەشی پێراگەیاندووە، کە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاوڵاتییانی.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە لە رێگەی گفتوگۆوە دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و هێرشەکان هیچ بیانوویەکیان نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ئێران بە موشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بارەگاكانی جزبی دیموكرات لە ناوچەکانی کۆیە و زڕگوێز و سیدەکان و بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەم هەواڵە 307جار خوێندراوەتەوە |