ZNA - هەولێر لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی ئەرجەنتین، لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەشداری یەکەم مەشق و راهێنانی کراوە لەبەردەم رۆژنامەڤان و هاندەراندا نەکرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی جامی جیهانی قەتەر، کە رۆژی یەکشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو 18ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
دوای ئەوەی مێسی لە مەشقەکاندا دەرنەکەوت، پرسیارێکی زۆر لەبارەیەوە کرا، بەتایبەتیش لەبارەی ئەگەری پێکرانی لیۆ؟.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین مەشقێکی لە بەردەم دەیان رۆژنامەنووس ئەنجامداوە کە ئامادەبوون بۆ بەدواداچوونی مەشقەکان، روونیشیکردووەتەوە کە مێسی بەشداری مەشقەکانی نەکردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری سەماکارانی تانگۆ، بڕیاریداوە یاریزانەکانی، ئەوانەی بەشدارییان لە یارییەکەی چوارشەممەی رابردوودا بەرامبەر ئیمارات کردووە، بڕێک پشوو بدەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مێسی لە مەشقە بەکۆمەڵەکاندا ئامادە نەبووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک هیچ کێشەیەکی نییە، ئاماژەی بەوەشکردووە، مێسی بەتەنیا نەبووە، بەڵکو لەگەڵ چەند یاریزانێکی دیکەی وەک دی ماریا، ئۆتامێنیدی و دی پاوڵدا پشوویان پێدراوە.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، مێسی و ئەو یاریزانانەی کە نەچوونەتە مەشقە بەکۆمەڵەکانی ئەرجەنتین، لە هۆڵی وەرزشی بوون بۆ ئەنجامدانی چەند راهێنانێکی سادە، ئینجا دواتر مێسی و هاوڕێکانی بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕاونەتەوە مەشقەکان.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوتا سعودییەکەی، لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، لە چوارچێوەی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال.
رووداو
ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە |