ZNA – هەولێر
دووشەممەی رابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێکی رانەگەیێندراوی دوو رۆژە گەیشتە بەغدا و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی وشکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بە بەغدا گەیاندووە.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاوی كردەوە، قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا بە بەرپرسانی عێراقی گوتووە، ئەگەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا تووند نەکەن، هێرشی زەمینی دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان.
دوو بەرپرسی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و بەرپرسێکی باڵای کورد بێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسە ئەسۆشیەتد پرێس یان گوتووە، قائانی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران کۆبووەتەوە و پێی گوتوون، ئێران دوو مەرجی هەیە و ئەگەر جێبەجێیان نەکەن، ئەوا هێرشی زەوینی دەکاتەسەر هەرێمی کوردستان.
مەرجەكانی ئێرانیش ئەمانەن-:
- پێویستە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەکبکرێن.
- پێویستە سوپای عێراق لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیربکرێ بۆ ئەوەی رێگری لە سنووربەزاندنی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.
ئەم هەواڵە 304جار خوێندراوەتەوە |