ZNA – هەولێر
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و پێگەکانی هەسەدە لە رۆژئاوای کورستان.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: هێرشەکانیان پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەیان کردووەتە ئامانج.
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "بەگوێرەی مافی بەرگریکردن کە لە بڕگەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر لە ناوچەکانی باکووری عێراق و سووریا ئەنجامدرا" کە وەکو خۆی دەڵێت، وەکو بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی لێیەوە بەکاردەهێندرێن.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تویتێکدا گوتی: ئەمڕۆ بەیانی یەكشەممە، کۆبانێ ئەو شارەی داعشی بەزاند، بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیای داگیرکار کەوتووە.
شامی گوتیشی، سوپای تورکیا چەند پێگەیەکی سوپای سووریایان لە گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج و بەگوتەی خۆی گیانلەدەستدان و بریندار هەیە.
ئەم هەواڵە 340جار خوێندراوەتەوە |