ZNA-هەولێر نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لەم هەفتەیەدا بەهۆی نیگەرانی لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دابەزی بۆ نزمترین ئاستی لە دوو مانگی رابردوودا.
ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور نزیکەی 1 دۆلار دابەزی و بە 86 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 86 سەنت دابەزی و بە 79 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساسی ئەمریکا بۆ دووەمین هەفتە دەڕوات کە ئاراستەی دابەزینیان بەخۆیانەوە گرتووە و لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 10٪ بەهای خۆیان لەدەستداوە.
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، پڕبوونی کۆگاکانی پاڵاوگەکانی ئەوروپایە.
تینا تێنگ، شرۆڤەکاری سەر بەکۆمپانیای راوێژکاری (RBC کەپیتاڵ) رایگەیاند، "جگە لەوەی کە نیگەرانییەکانی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا رەوانەتەوە، هاوکات بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان نیگەران بن لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهان."
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |