ZNA-هەولێر نرخی زێڕ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رووی لە دابەزین کرد و بەرزبوونەوەی دووبارەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمرۆ دووشەممە نزیکەی 7 دۆلار دابەزی و بە 1747 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە سەبارەت بە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەو وڵاتە و زیاتر بەرچاوی بازرگانان لەو بارەیەوە روونبکاتەوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان و پابەندیشە بەوەی کە دواجار رێژەی هەڵاوسان بگەیێنێتە ئاستی 2٪، بەو هۆیەشەوە بازرگانان پێشبینی دەکەن لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.
لەلایەکی دیکەوە بۆ یەکەمجار لەدوای مانگی 5ی ئەمساڵەوە 3 کەس لە چین بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 26 هەزار تووشبوو.
بەپێی شرۆڤەکاران، داخرانی بازاڕەکانی چین دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ کاڵا و کانزاکان بە تایبەت کانزای زێڕ کەمبێتەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی زێڕ داناوە.
ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە |