ZNA-هەولێر
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تشرینی دووەمی 2022 "کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ" کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ پێنج پرۆژەیاسا دەکات.
زۆزان عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بەرنامەی کار، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەرنامەی کاریش بەمشێوەیە دەبێت:
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە سیستمی بنەڕەتی کۆنگرەی لاهای بۆ یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاریکاریی نێوان عێراق و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی (UNIDO).
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای تاوانی زانیاری.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای کۆلێژی ئیمام ئەعزەم.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزاری لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
- گفتوگۆی گشتی.
رۆژی شەممە 19-11-2022، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ سێ پڕۆژەیاسا کرد کە بریتین بوون لە: پڕۆژەیاسای هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، پڕۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکی و کیمیایی و بایۆلۆژی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاودێری.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەبارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان کرا و بڕیاردرا رۆژی سێشەممە 22-11-2022 پەرلەمانی عێراق وردتر لەسەر ئەو بابەتە بوەستێت.
ئەم هەواڵە 220جار خوێندراوەتەوە |