ZNA – هەولێر
زانایانی سوننە مەزهەب لە خۆرئاوای ئێران داوایان لە ئیدارەی تاران کرد سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت.
بەپێی ئەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و ژمارەیەک شاری دیکە راگەیەندراوی تایبەت خوێندرایەوە کە زانایانی سوننە مەزهەب واژوویان لەسەر کردبوو.
زانایانی ئاینی سوننە مەزهەب لەو راگەیەندراوەدا ئاماژەیان بەوەكردووە و دەڵێن، "داوا لە حکوومەت كردووە گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت"، هەروەها داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەكرێت لەكاتی خۆپیشاندانەكان دەست لە بەکارهێنانی چەک هەڵبگرن.
هەر لەو راگەیێدراوەدا هاتووە، داوای قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەو کەسانە دەكەین کە لە كاتی خۆپیشانەکاندا بەدەستی هێزە ئەمنییەکاندا گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش هاتووە سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکان،، ئیدارەی تاران کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکەی چارەسەر نەکردووە، داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەش کراوە کە لە رووداوەکانی ئەم دواییانە دا دەستبەسەر کراون.
ئەم هەواڵە 253جار خوێندراوەتەوە |