ZNA-هەولێر بەرەبەیانیی رۆژی سیشەممە نرخی نەوت بە رێژەیەکی کەم بەرزبووەوە دوای ئەوەی سعودیە هەواڵی میدیاکانی رەتکردەوە کە گوایا لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکە بابەتی زیادکردنی خستنەڕووی نەوتیان لە بازاڕدا تاوتوێ کردبێت.
نرخی نەوتی برێنت 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 87 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 7 سەنت بەرزبووەوە و بە 80 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە 5 دۆلار دابەزی دوای ئەوەی کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تیایدا رایگەیاندبوو کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیاریانداوە لە کۆبوونەوەی داهاتووی خۆیان لە رۆژی 5 ی مانگی داهاتوو بە بڕی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، عەبدولعەزیز بن سەلمان لە راگەیێندراوێکدا جەختی لە پابەندبوون بە بڕیارەکەی مانگی پێشووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کردەوە لە سەر کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت.
ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە |