ZNA – هەولێر
ئەمریکا داوا لە حووسییەکانی یەمەن دەکات واز لە هەڕەشەکردن بهێنن بۆسەر بازرگانی دەریایی نێودەوڵەتی و بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی دانوستان بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ.
باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن، ستیفان فاگین دوای ئەوەی 21 ی ئەم مانگە لە رێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بەندەری نەوتی دەببە لە پارێزگای حەزرەموت رایگەیاند "هێرشەکانی حووسییەکان بۆسەر بەندەرەکان بە زیادکردنی کێشەی دابینکردنی سووتەمەنی تەنها زیان بە یەمەنییەکان دەگەیەنێت".
فاگین داوای لە حووسییەکانی سەربە ئێران کرد واز هەڕەشەکردن بهێنن بۆسەر بازرگانی دەریایی نێودەوڵەتی و بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی دانوستان بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ.
باڵیۆزی ئەمریکا لە یەمەن، ئاماژەی بەوە دا، لەكاتی سەردانە یەک رۆژییەکەیدا بۆ عەدەن پایتەختی کاتی یەمەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یەمەن، موعین عەبدولمەلیک و بەرپرسانی حکوومەتی یەمەن کۆبووەوتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە نیگەرانن لەوەی زیان بە پشتیوانی و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن بگات.
ئەم هێرشەی حووسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی رەوانەکردنی نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رابگیرێت.
ئەم هەواڵە 265جار خوێندراوەتەوە |