ZNA - ههولێر دوای ئهوهی ژمارهیهك كۆچبهر له كهناراوهكانی دوورگهی كریتی یۆنان گیریان خواردبوو، هێزێکی سەربازیی ئەمریکا بە "کەشتی و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی ئەو کۆچبەرانهیان رزگار کردووە، لای خۆیهوه نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان دەڵێت: "هێشتا دیار نییە ئەو کۆچبەرانە خەڵکی چی وڵاتێکن."
ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2022، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە یۆنان رایگەیاند، کۆچبەرەکان پەیوەندییان بە هێزی فریاکەوتنی یۆنان کردووە ئەوانیش بەهۆی بەهێزیی باوە نەیانتوانیوە بە تەنیا هاوکارییان بکەن بۆیە داوای هاوکارییان لە هێزێکی سەربازیی ئەمریکا کردووە کە لە دوورگەی کریت جێگیرە و بە "کەشتی و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی ئەو 500 کۆچبەرەیان رزگار کردووە."
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژە بەوە دەکات، دوای نیوەشەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە لەلایەن کۆچبەرانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە لە دەریادا گیریان خواردووە. دواتر، وەکو خۆی دەڵێت، دوو کەشتیی بارهەڵگر و دوو بەلەمی راوەماسیی ئیتاڵی لێیان نزیکبوونەتەوە و یارمەتییان داون.
تاوەکو ئێستا پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامە و وڵاتی کۆچبەرانەوە بڵاونەکردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، تۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "80٪ـی کۆچبەران" کە روو لە وڵاتەکەی دەکەن لە تورکیاوە دێن و دەچنە ئیتاڵیا.
رووداو
ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە |