ZNA- هەولێر لۆید ئوستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی چین، ڕایگەیاند، بابەتی دوورگەی تایوان بەلایانەوە هێڵی سوورە.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، لەگەڵ هاوتا چینییەکەی جەختیان لەهێشتنەوەی پردی پەیوەندیی نێوان هەردوولا ، بۆ دوورکەوتنەوە لەهەر هەڵەتێگەشتنێک کردووەتەوە ئاڵۆزییەکانی نێوان چین و ئەمریکا زیاتربکات.
لۆید ئوستن گوتی: سەبارەت بە جموجوڵە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی چین لە زەریای ئارام و گەرووی تایوان نیگەرانن. لەبەر ئەمە داوایان لێکردوون جموجوڵی سەربازی لەو ناوچانە بکەن یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی پێداوە.
کۆبونەوەی وەزیرانی بەرگریی چین و ئەمریکا کە لەکەمبۆدیا کرا و یەکەم کۆبوونەوەی هاوشێوە بوو لەوەتەی گرژییەکانی پەکین و واشنتۆن لەسەر دوورگەی تایوان پەرەی سەندووە. بڕیاریشە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی پەکین بکات.
ئەم هەواڵە 199جار خوێندراوەتەوە |