ZNA- هەولێر
رووسیا هەوڵ دەدات دۆخەکە لە نێوان تورکیا و سووریا ئاڵۆزتر نەبێت.
ئالێکساندەر لاڤرینیتیف نێردەی تایبەتی رووسیا بۆ سووریا رایگەیاند، مۆسکۆ داوا لە هاوبەشە تورکەکانی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت.
نێردەی تایبەتی رووسیا لە دەستپێکی گەڕی 19ـی دانوستاندنەکانی سووریا لە ئاستانا رایگەیاند، داوا لە هاوبەشە تورکەکانیان دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن، تاوەکو دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت، ئەوەش نەک تەنیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەڵکو لە تەواوی سووریا بە گشتی.
هاوکات جەختیشی کردەوە، کە گرنگە بە هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ بکەن تاوەکو چارەسەرێکی ئاشتییانەی دۆزی کورد بکەن.
ئەو نێردەیەی رووسیا دەشڵێت، ئەنقەرە لە هێرشکردنە سەر باکووری سووریا و عێراق مۆسکۆی ئاگادار نەکردبووەوە، ئەو بابەتەش لە میانی کۆبوونەوەی ئاستانا تاوتوێ دەکەن.
روونیشی دەکاتەوە، کە هەوڵدەدەن کاریگەریان لەسەر تورکیا هەبێت تاوەکو لە خاکی سووریا هێز بەکار نەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە بە بڕوای ئەوان کشانەوەی ئەمریکا لەسەر خاکی سووریا دۆخەکە سەقامگیر دەکات.
ئەم هەواڵە 226جار خوێندراوەتەوە |