ZNA-هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بەرزبووەوە. نرخی زێڕیش بە جێگیری ماوەتەوە.
بەرزبوونەوەکە بەشێوەیەکە، نرخی نەوتی برێنت 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 88 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، یەدەکی نەوتی ئەو وڵاتە هەفتەی رابردوو 1.1 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا تەنیا 600 هەزار بەرمیل کەمبکات.
لەلایەکی دیکەوە ئیمارات، کوێت، عێراق و جەزائیر دووپاتیان کردووەتە کە پابەندن بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت. ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی کە نرخی نەوت رۆژی رابردوو بە رێژەی 1٪ بەرزبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مانگی داهاتوو یەکێتیی ئەوروپا هاوردەکردنی نەوتی رووسیا قەدەخە دەکات. هەروەها ئەندامانی گرووپی 7 وڵاتی پیشەسازی بڕیاریانداوە کە سیاسەتی دانانی ئاستێک بۆ نرخی نەوتی رووسیا جێبەجێ بکەن. ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت نیگەرانی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بن.
ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە |