ZNA -هەولێر
کۆماری ئیسلامیی ئێران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە مەبەستی داخستنی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر.
ئاژانسی ئیسنا بڵاوی کردەوە نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاندووە هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و بەرگری لە بەرانبەر کردەوەی تیرۆریستیی گرووپە کوردییەکان بە مەبەستی رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئیران بووە.
کۆماری ئیسلامیی ئیران لە دوو مانگی رابردوودا سێ جار کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستانی بە مووشەک و درۆنی خۆتەقێن کردووەتە ئامانج و داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە ئەم کەمپانە دابخرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە هیچ چالاکییەکی چەکدارییان لە ناو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبووە.
ئەم هەواڵە 253جار خوێندراوەتەوە |