ZNA -هەولێر
نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند ئەمریکا بریاردەرانی ئەم توندوتیژییانە سزا دەدات.
ڕۆبێرت ماڵی لە تویتێکدا بە ئاماژەکردن بە ناوی عەلیڕەزا مرادی، فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سنە نووسیویەتی ئەم بەرپرسە سەربازییە کە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر، بە ئاشکرا پشتیوانیی لە توندوتیژی لە دژی خۆپێشاندەران کردووە و فەرمانی کوشتاری خۆپێشاندەرانی سنەی دەرکردووە.
ماڵی هەروەها ئاماژەی بەوەی وڵاتەکەی گەمارۆی خستووەتە سەر هەریەک لە حەسەن عەسکەری، قائیم مەقامی ئێستای شاری سنە و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و محەممەد تەقی ئوسانلوو، فەرماندەی قەرارگای هەمزەی سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە ئەمریکا ئەو کەس و لایەنانەی لە ئێران مافی مرۆڤ پێشێل بکەن و خۆپێشاندەران سەرکوت بکەن سزا دەدات.
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |