ZNA-هەولێر رۆژی یەکشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2022، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، شەوی رابردوو لە دوو شوێن و رووداوی جیادا لە باشووری رۆژهەڵاتی لەندەن، بە چەقۆ لە دوو گەنجی تەمەن 16 ساڵ دراوە و دواتر بەهۆی سەختیی برینیانەوە گیانیان لەدەستداوە. گوتیشی، هەردووکیان لە رەگەزی نێرن.
پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و هێشتا دیار نییە کە ئایا هەردوو رووداوەکە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە یاخود نا، بەڵام رووداوەکان "بە نزیکەیی لە هەمان کاتدا روویانداوە."
پۆلیسی لەندەن دەڵێت، کاژێر 17:10 بە کاتی لەندەن [20:10 بە کاتی هەولێر] لە دوو رووداوی چەقۆوەشاندن ئاگادارکراونەتەوە کە یەکێکیان لە ناوچەی ئابی وود و ئەوی دیکەش لە ناوچەی تەیمس مید بووە و دەشڵێت، لە هەریەکە لەو شوێنانە بینیویانە کە کەسێکی تەمەن 16 ساڵ بە چەقۆ لێیدراوە و دواتر هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 10 هەزار و 366 تاوان بە چەقۆ ئەنجامدراون. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بۆ هەمان کاتی پارساڵ ژمارەکە نۆ هەزار و 50 کەس بووە.
ئەم هەواڵە 310جار خوێندراوەتەوە |