ZNA – هەولێر
نوێنەری عێراق لە رێكخراوی ئۆپێک رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس رەوشی بازاڕی نەوت و هاوسەنگیی ناو بازاڕ لە پرۆسەی بڕیاردان لەبەرچاو دەگیرێت.
سەعدون موحسن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و نوێنەری عێراق لە ئۆپێک رایگەیاند، بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕی نەوتدا بووەتە هۆکاری سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت.
موحسن، پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت بۆ ساڵی داهاتوو لەنیوان 85 دۆلار بۆ 95 دۆلار دەستنیشان کرد، دەشڵێت، عێراق 11%ی کۆی بەرهەمی 43 ملیۆن بەرمیل نەوتی رێکخراوی ئۆپێک بەرهەم دەهێنێت.
سەبارەت بە رەوشی بازاڕی نەوت، بەرپرسەكەی سۆمۆ ئەوەشی خستەڕوو، سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە چین و شەڕی ئۆکراینا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیەوە ببینێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی 4ی مانگی داهاتوو رێکخراوی ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە و رەوشی بازاڕی نەوت تاوتوێ بکەن.
ئەم هەواڵە 427جار خوێندراوەتەوە |