ZNA-هەولێر
رۆژی دووشەممە 28-11-2022 ، نرخی نەوتی برێنت 2 دۆلار و 16 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 2 دۆلار و 7 سەنت دابەزی و ئێستا بە 74 دۆلار و 20 سەنتە.
خۆپێشاندانەکان لە چین لە دژی رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەشەنەی کردووەتە بەتایبەت لە شارەکانی ووهان و شەنگەهای.
هیرۆیوکی کیکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (نیسان سیکیۆریتی) رایگەیاند، " نیگەرانی سەریهەڵداوە لەسەر کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت و سووتەمەنی، یەکەم لەبەر بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دووەم لەبەر نادڵنیایی سیاسی کە لە دوای بەرفراوانبوونی خۆپێشاندانەکانی دژی رێوشوێنەکانی حکومەت سەریهەڵداوە."
نرخی نەوت بۆ ماوەی 3 هەفتەی یەک لە دوای یەکە رووی لە دابەزین کردووە. هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 5٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هیرۆیوکی کیکاوا دەڵێت: ئەگەری هەیە نرخی نەوتی سووکی تەکساس دابەزێت بۆ نزیکەی 70 دۆلار.
وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت پیشەسازیی گەورەی جیهان سەرقاڵی دانانی ئاستێکن بۆ نرخی نەوتی رووسیا کە لە نێوان 65 دۆلار بۆ 70 دۆلارە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ مانەوەی نەوتی رووسیا لە بازاڕ.
ئەم هەواڵە 289جار خوێندراوەتەوە |