ZNA-هەولێر نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە دۆخی چین و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە و هەروەها سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان دژی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا دابەزی.
رۆژی سێشەممە 29-11-2022 ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 45 سەنت دابەزی و بە 82 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 51 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3٪ دابەزی بۆ نزیکەی 80 دۆلار و بەوپێیەش کەمترین ئاستی لەمساڵدا تۆمارکرد.
سەرهەڵدان و خۆپێشاندانەکان لە چین کە بە "رووداوی دەگمەن" لەو وڵاتە دەناسرێن بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانانی نەوت نیگەران بن لەسەر کەمکردنەوەی هاوردەکاری نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە.
توشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) رایگەیاند، "خۆپێشاندانەکانی چین شەپۆلێکی فرۆشتنی لە بازاڕی نەوتدا دروستکردووە."
تازاوا رایگەیاند، هەرچەندە نرخی نەوت چەند رۆژێکە دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام دابەزینەکان هێشتا سنووردارن و بازرگانان چاویان لە کۆبوونەوەی رۆژی 4 ی مانگی داهاتوو دەکەن بۆ ئەوەی بزانن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەش چ بڕیارێک سەبارەت بە خستنەڕووی نەوت دەدات.
ئەم هەواڵە 325جار خوێندراوەتەوە |