ZNA - هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە لە دەستپێکی یاریەکانی گەڕی سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی 2022ـی قەتەر چوار یاری لە دوو کاتی جیاواز بەڕێوەدەچن.
ئەم گەڕە کاتی یاریەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هات و دوو یاریش لە هەمان کاتژمێردا ئەنجام دەدرێن.
لە کاتژمێر 6ی شەودا و لە گرۆپی یەکەم، هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و قەتەر بەیەک دەگەن،
لە هەمان کاتدا ئیکوادۆر و هەڵبژاردەی سەنیگال ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لەم گرۆپە قەتەر بەفەرمی ماڵئاوایی لە جامەکە کردووە و هۆڵەندا و ئیکوادۆر 4 خاڵیان هەیە و سەنیگالیش سێ خاڵی هەیە، بۆیە یاری ئاگرینن و چارەنووسی کەس ڕوون نییە.
لە کاتژمێر 10ی شەو، دوو یاری ئەنجام دەدرێت، ئێران و ئەمریکا پێکەوە دەجەنگن، ئەم یاریە هەم لە ڕووی وەرزشی و هەمیش لە ڕووی سیاسیەوە گرنگە،
هەریەکێکیان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا دەگاتە قۆناغی داهاتوو، بە یەکسانبوونیش ئێران دەگاتە قۆناغی داهاتوو، بەمەرجێک ئینگلتەرا لە وێلز بباتەوە، هەرچی ئەمریکایە جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیێکی تری نییە.
لە یاریەکەی تردا، هەردوو هەڵبژاردەی وێلز و ئینگلتەرا بەیەک دەگەن،
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تەنیا پێویستی بە تاکە خاڵێک هەیە بۆ ئەوەی گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو مسۆگەربکەن.
ئەم هەواڵە 268جار خوێندراوەتەوە |