ZNA-هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا و هەروەها گەشبینی بە ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی چین، بەرزبووەوە.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 65 سەنت بەرزبووەوە بە 83 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 68 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت کە لە هەفتەی رابردوودا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 7 ملیۆن و 900 هەزار کەمی کردبێت کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.
هەروەها بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل کە پاڵپشتیی زیاتری بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت دروستکردووە.
ئەم هەواڵە 238جار خوێندراوەتەوە |