ZNA-هەولێر نرخی نەوت نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی سێ رۆژی رابردووی خۆی بدات، ئەوەش بەهۆی رەوشی ئابووریی چین کە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکان دەرکەوت، چالاکیی کارگەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی 11 سستبووەتەوە.
نرخی نەوتی برێنت 24 سەنت دابەزی و بە 86 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 17 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
پێنوێنی (پی ئێم ئای) کە هێمای چالاکیی کارگەکانی چینە لە مانگی 11 دابەزی بۆ 50 بەراورد بە مانگی 10 کە 50.2 بوو.
دابەزینی چالاکیی کارگەکانی چین دەگەڕێندرێتەوە بۆ رێوشوێنەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە لە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تەنانەت خۆپێشاندانی لە شارە گەورەکانی چین لێکەوتەوە.
ئێستا بازاڕی نەوت چاوەڕوانی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دەکات بۆ ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە تاوەکو چەند بەرهەمهێنەری نەوت ئامادەن بڕی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا کە لە مانگی 11 و 12 دا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل لە قەبارەی خستنەڕووی نەوت کەمبکەنەوە.
ئەم هەواڵە 229جار خوێندراوەتەوە |