ZNA- هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران تێگەیشتنێکی زۆر هەڵەیان لە خەڵکی ئەم وڵاتە هەیە و هەوڵ دەدەن ئەمریکا و ئەورووپا وەک بەرپرسیاری سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەی ئێران و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان پێشان بدەن.
ئانتۆنی بلینکێن بە کاناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاند: ئەوەی لە ئێران ڕوو دەدات پەیوەندیی بە خەڵکی ئیرانەوە هەیە، پەیوەندیی بە داهاتووی ئەم خەڵکەوە هەیە نەک ئێمە. بەڵام هەڵەی گەورەی ڕژێمی ئێران ئەوەیە کە خەڵکی دیکە تۆمەتبار دەکات و وا پێشان دەدات کە ئەمریکا و ئەورووپا خەڵک بۆ خۆپێشاندان هان دەدەن بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە خەڵکی خۆیان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی واشنتۆن هەوڵی داوە لەوە دڵنیا بێتەوە هەموو ئەو کەسانەی لە سەرکوتی خەڵکدا دەستیان هەبووە گەمارۆیان بخرێتە سەر و کۆشکی سپی هەوڵی بۆ ئەوەش داوە کە خەڵکی ئێران دەستیان بە ئەنتەرنێت رابگات بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ دەرەوە پەیوەندییان هەبێت.
ئەم هەواڵە 274جار خوێندراوەتەوە |