ZNA – هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی رووسیا بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا هەنگاو بنێت، ئەوە ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات.
سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
هەردوو سەرۆک، ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەی کۆبوونەوەکەیان جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بووە و هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ژیرترین رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەوەیە کە پوتین سەربازەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە و گوتی: "پوتین بە هەڵنەبژاردنی ئەم رێگایە باجی زۆر قورس دەدات، لە هەمان کاتدا رێگە بۆ وێرانکارییەکی زۆر گەورە لە ئۆکراینا دەکاتەوە".
بایدن روونیشی كردەوە، "ئەگەر پوتین نیازی هەبێت بڕیارێک بە ئاراستەی رێگای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربکات، ئەوە ئامادەم قسەی لەگەڵ بکەم.
ئەم هەواڵە 226جار خوێندراوەتەوە |