ZNA - ههولێر
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی پێشوازیکردنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆشکی سپی، وتی، بۆ کارکردن لە پێناو ئاشتی و ئازادی و سەرفرازی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە فەڕەنسا باشتر نادۆزێتەوە.
وتیشی، فەڕەنسا و ئەمەریکا داکۆکی لە بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن. جەختی لەوەش کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی دووچاری کەشوهەوای زەوی دەبنەوە، هەردوو وڵات پابەندن.
لای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا وتی، هاوپەیمانێتی ئەمەریکا و فەڕەنسا یەکێکە لە بەهێزترین هاوپەیمانێتییەکان، بۆیە دەبێت پێکەوە کۆمەڵگاکانیان لەسەر ڕێزگرتن لە یەکتر و نەهێشتنی ڕق و کینە بنیات بنێین.
سەرۆک ماکرۆن و بریجیت ماکرۆن خانمی یەکەمی فەڕەنسا شەوی سێشەممە گەیشتنە ئەمەریکا و لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا لەلایەن سەرۆک بایدن و جێڵ بایدن، خانمی یەکەمی ئەمەریکا و هەروەها کاربەدەستانی دیکەی باڵای ئەمەریکا.
بەڵام سەرەڕای ئەو پەیوەندییە باشانە، فەڕەنسا و ئەوروپا بە گشتی نیگەرانن لە یاسای ئەمەریکایی بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسانی ئابوری لە ئەمەریکا کە بە بەهای 430 ملیار دۆلار پشتیوانی لە بەرهەمەکانی ئەمەریکا دەکات. دەڵێن ئەم یاسایە زیان بە ئابوری ئەوروپا دەگەیەنێت بە تایبەتی کە لە ئێستادا شەڕی ئۆکرانیا زۆر لەسەریان کەوتووە.

voa
ئەم هەواڵە 202جار خوێندراوەتەوە |