ZNA-هەولێر ئێوارەی رۆژی شەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2022، هەریەکە لە گریگۆری میکس، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە و مایکڵ مەککۆڵ، ئەندامی لیژنەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، لەدوای تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەن، بەڵام دەشڵێن، "زۆر نیگەرانین لەوەی کە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵە گرنگەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش دەخەنە مەترسییەوە"، بەتایبەتی وەکو خۆیان دەڵێن، "لە کاتێکدا داعش هێرشە تیرۆریستییەکانی بەردەوامن و هەوڵی خۆڕێکستنەوە دەدات."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا، هەردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن، "خۆی لە هەر کارێک بەدووربگرێت کە توانای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تێکشکاندنی داعش لاواز دەکات، یانیش هەڕەشە لە ژیان و ماڵ و موڵکی خەڵکی سڤیل لە سووریا دەکات."
گریگۆری میکس لە ساڵی 1998ـەوە نوێنەری پارتی دیموکراتەکانە لە ویلایەتی نیویۆرک و لە ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دیاریکراوە. هەرچی مایکڵ مەککۆڵە لە ساڵی 2005ـەوە لە ویلایەتی تێکساسەوە نوێنەرایەتیی پارتی کۆمارییەکان دەکات.
ئەوەش دوای ئەوە هات رۆژی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا لە شاری رووهای باکووری کودستان لەبەردەم هەزاران کەسدا رایگەیاند، لە بڕیاری دروستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر "لە باشووری وڵاتەکەمان پاشەکشە ناکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی بۆ سەر تل رەفعەت، منبج و کۆبانێ کردووە کە هەموویان لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان. تورکیا دەیەوێت بە درێژایی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بچێتە پێشەوە.
ئەم هەواڵە 376جار خوێندراوەتەوە |