English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە
2022-12-05 [05:59 AM]

ZNA-هەولێر


ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت بە رێژەی 2% بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە جێگیری هێشتەوە پێش ئەوەی ئەمڕۆ قەدەخەی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە هەمان کاتدا لە نیشانەیەکی ئەرێنیدا بۆ خواست لەسەر نەوت، چەند شارێکی زیاتری چین لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆیان سووککردووە.

 

نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 84 سەنت و بە رێژەی 2.2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 1 دۆلار و 64 سەنت و بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە هات رۆژی یەکشەممە هاوپەیمانیی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەنێویاندا رووسیا کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی بهێڵێتەوە و گۆڕانکاریی تێدا نەکات کە بریتییە لە کەمکردنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کە بڕیارەکە لە مانگی رابردووە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو کاری پێدەکرێت.

 

شرۆڤەکاران دەڵێن، بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس چاوەڕوانکراو بوو، ئەوەش لە کاتێکدایە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت چاوەڕێی کاریگەری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراون لەسەر نەوتی بە بۆریی هەناردەکراوی رووسیا لە لایەن کۆمەڵەی وڵاتانی G7 بە بڕی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. رووسیا هەڕەشەی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ هەر وڵاتێک دەکات کە پابەند بێت بە بڕیارەکەوە.

 

شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ANZ Research لە یاداشتێکدا دەڵێن: "بڕیارەکە رەنگدانەوەی ناڕوونییە لە خواست و خستنەڕووی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا".

 

ئان لویس هیتل، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ود ماکنزی رایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە شوێنگرتنەوەی نەوتی خاوی رووسیا دەبێت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا و ئەمریکا کە پێویستە لانیکەم لەماوەیەکی نزیکدا سنوورێک بۆ نرخەکانی نەوت دابنێت.

 

هیتل دەڵێت: "ئێستا نرخەکان بەهۆی پێشبینییەکانی گەشەی خاوی خواستەوە قوڕساییان لەسەرە، ئەوەش سەرەڕای قەدەخەکردنی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی رووسیا لە لایەن G7ـەوە. پێدەچێت خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دوو بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی پشتگیری لە نرخەکانی نەوت بکات".

 

هۆکارێکی دیکەی سەرەکی کە کاریگەریی لەسەر ئاستی خواست لەسەر نەوت هەبووە، سیاسەتی بنبڕکردنی کۆرۆنایە لە چین، بەڵام پێدەچێت ئەو سیاسەتە ئێستا کەمتر سووککرابێت، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە، لە نێویاندا پەکین و شانگهای، رێکارەکان بە رادەی جیاواز سووککران، ئەوەش گەشبینی بە بووژانەوەی خواستی چین لەسەر نەوت دروستکردووە کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات.





ئەم هەواڵە 193جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
لێدانی سەدە ، تا ئێستا لێدانی وانەبووە
شه‌قامێك رۆده‌چێت و دوو ژن ده‌خوات
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad