ZNA-هەولێر نرخی زێڕ بەرزبووەوە و گەیشتە 1808 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەداوی رۆژی 10ـی مانگی ئاب و بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی، نرخەکەی 0.2٪ بەرزبووەتەوە، نرخی ئۆنسەیەکیش بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو گەیشتە 1812 دۆلار و 60 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی پێنوێنی بەهای دۆلارەوەیە کە ئەمڕۆ بە رێژەی 0.1٪ دابەزینی تۆمارکرد.
هاوکات خاوەنکارەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو زیاتر لە ئاستی پێشبینییەکان کارمەندیان دامەزراندووە و کرێیان زیادکردووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی زیادبوونی سستیی ئابووریی هەڵگرت، بەڵام پێدەچێت ئەو ئامارە نەتوانێت رێگری لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکات لەوەی زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی بووەستێنێت کە رایگەیاندووە لەم مانگەوە دەست بە خاوکردنەوەی زیادکردنی رێژەکە دەکات.
کەمبوونەوەی رێژەی سوود زیاتر سوودبەخشە بۆ زێڕ، چونکە تێچووی دەرفەتی هەڵگرتنی ئەو سەروەت و سامانە کەمدەکاتەوە.
شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن، زیادکردنی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەردەوام سەرئێشە بۆ نرخی زێڕ دروست دەکات.
کۆمەڵەی بازاڕی زێڕی لەندەن رۆژی هەینی رایگەیاند، بنکەیەکی زانیاری (داتابەیس) لە بازاڕەکانی زێڕی رووسیا دروست دەکات کە لەلایەن بانکەکانەوە لە لەندەن هەڵگیراون، ئەوەش بۆ یارمەتیدان لە رێگریکردن لە خۆدزینەوەی کۆمپانیا رووسیەکان یان بانکی ناوەندیی رووسیا لە سزاکان.
ئەم هەواڵە 256جار خوێندراوەتەوە |