ZNA- هەولێر
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە باکوری سوریا و عێراق مۆڵەت لە کەس وەرناگرن، دەشڵێت، "تورکیا هێزە کوردیەکانی سوریا بە ئەنجامدەری تەقینەوەکانی ئەم دوایەی ئەستەنبوڵ دەزانێت."
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، ئیبڕاهیم کاڵن، رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا نەبووەتە مەترسی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان.
کاڵن گوتیشی: کاتێک ئاسایشی وڵاتەکەی لە مەترسیدابێت مۆڵەتی سەربازی لە هیچ کەس و لایەنێک وەرناگرن، تا کۆتاییهاتنی مەترسیەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەردەوام دەبن لە هێرشەکان بۆسەر باکوری عێراق و سوریا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، لەبارەى ئامانجی ئۆپراسیۆنی چنگی شمشێر، رایگەیاند، هێزە کوردییەکانی سوریا لە پەشت تەقینەوەکانی ئەم دوایەیی تورکیاوەن، هەر بۆیە تاکۆتایی هاتن و دوور خستنەوەی مەترسیەکانیش سوپای تورکیا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکان.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە واشنتۆن پۆستی راگەیاندووە، هەسەدە تاکە هاوبەشی راستەقینەی ئەمریکایە لە سوریا و پێویستە ئەمریکاش لەبیریان نەکات.
هاوکات، ئەمریکا و روسیا و ئێران و سوریاش هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سوریا دەربڕیووە و باسیان لەوەکردووە، کە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات و لە دژین.
ئەم هەواڵە 196جار خوێندراوەتەوە |