ZNA- هەولێر
داواکاری گشتی ئێران، دەربارەی رەخنەکانی تایبەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامن، داخستنی "پۆلیسی ئەخلاق"ی راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ISNA) رایگەیاند: داواکاری گشتی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزەری، لە کۆبوونەوەیەکدا داخستنی "پۆلیسی ئەخلاق"ی راگەیاندووە کە لە ئێران كە بە "گەشتی ئیرشاد" ناسراوە.
مونتەزەری، باسی لە هەموو رەهەندەکانی خۆپیشاندانەکان کردووە و لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لە بارەی "پۆلیسی ئەخلاق" رایگەیاندووە: "پۆلیسی ئەخلاق هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە، پۆلیسی ئەخلاق، لە رابردوودا لە کوێدا بنیاتنرا هەر لەوێشدا داخرا".
داواکاری گشتی ئێران راشیگەیاند: خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی بە "جەنگی هێزە بیانییەکان" وەسف کرد، کە لە بەرامبەر جەنگێکی گەورەتر لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دان.
داواکاری گشتی ئێران، ئاماژەی بەوەشداوە کە سوورن لەسەر لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی "بزاوتی یاخیبوون"، هەروەها ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی بە بەرپرسیار لە بەرەوپێشچوونەکانی دژ بە ئێران، وەسف کرد.
ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە |