ZNA - هەولێر
ئەگەر دەستکاری نرخی دۆلار نەکرێت پەرلەمانتاران ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە بدەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە نێو پەرلەماندا 100 پەرلەمانتار ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە 2023 بدەن، ئەگەر دەستکاری بەهای دۆلار بەرامبەر دینار نەکرێت.
عودەی عەواد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند، ئەوان وەک ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوەکانی گوشارکردن بۆ دەستکاریکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار زیاد دەکەن.
گوتیشی نزیکەی 100 پەرلەنتار پەیمانی بە خوا و گەلی عێراق داوە، کە دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک نادات و ناچێتە ژێر گوشارەکانی سەرۆکی فراکسیۆن و هەر گوشارێکی دیکە، ئەگەر بەهای دۆلار دەستکاری نەکرێت.
هاوکات داوای لە سەرۆک وەزیران و وەزیری داراییش کرد، ئەگەر هێندە پشت ئەستوورن بە تێپەڕینی پڕۆژە یاسای بودجە، با چاوەڕێی سەرۆک فراکسیۆنەکان بن تاوەکو دەنگی پێ بدەن.
دەشڵێت، ئەو 100 پەرلەمانتارە لە زۆربەی حزبە سیاسییەکانن. داواشیان ئەوەیە بەهای دۆلار بۆ ئاستێک دابەزێت کە بارگرانی سەر هاووڵاتییان کەم بێتەوە، نەک بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشووی.
ئەم هەواڵە 232جار خوێندراوەتەوە |