ZNA-هەولێر نرخی زێڕ لە سەروو 1770 دۆلار ماوەتەوە و بەراورد بە رۆژی سێشەممەی رابردوو نرخەکەی بە جێگیری ماوەتەوە، چونکە وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئاماژەی زیاترن لەسەر ئابووری جیهانی، هاوکات بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دانا و رێگریی لە بەرزبوونەوەی زیاتری کرد.
رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 2 دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1772 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخی ئۆنسەیەکیش بۆ گرێبەستەکانی ئایندە بە رێژەی 0.1% دابەزی بۆ 1782 دۆلار و 35 سەنت.
بازاڕەکان چاوەڕوانی ئامارەکانی بازرگانی و هەڵاوسانی چین، ئامارەکانی بەرهەمی ناوخۆیی چارەکی سێیەم لە ژاپۆن و ئوسترالیا و لە هەمووی گرنگتر، ئاماری هەڵاوسانی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاوبکرێتەوە.
پێوەرەکانی نرخی بەرهەمهێنەرانی ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو کە بڕیارە رۆژی هەینی بڵاوبکرێتەوە، لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت، چونکە ئاماژەیەکە لەسەر رێڕەوی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا.
هاوکات نرخی دۆلار لەم هەفتەیەدا و لەدوای دابەزینی بۆ نزمترین ئاست لە پێنج مانگدا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی زۆرینەی کاڵاکان داناوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا کۆتا کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئەمساڵ ئەنجام بدات. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندی بە رێژەیەکی تاڕادەیەک کەمتر لە پێشوو نرخی سوودی بانکی زیادبکات، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی کە رێژەی نرخەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ ئاستێکی بەرزتر لە چاوەڕوانییەکان بەرزدەبێتەوە.
ئەم هەواڵە 184جار خوێندراوەتەوە |