ZNA – هەولێر
بەرپرسێکى وەزارەتى پلاندانانى عێراق دەڵێت، نرخى یەک بەرمیل نەوت لە پرۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023 لەنێوان 65 دۆلار بۆ 75 دۆلار دیاریکراوە، گەرەنتی کڕینەوەى بەرهەمى جووتیاران دەکرێت، سەبەتەى خۆراک زیاد دەکرێت.
ماهر حەماد جوهان، بریکارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بۆ کاروبارى تەکنیکی بە میدیاى فەرمی عێراقى راگەیاندووە، نرخى نەوت لەناو پرۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى عێراق بەگوێرەى رێککەوتنى وەزارەتەکەى و وەزارەتى نەوت و بانکى ناوەندى دیاریکراوە کە لە 65 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 75 دۆلار بۆ یەک بەرمیل.
جوهان گوتی: ئەوە بڕیارێکى گرنگە بەو پێیەى ئەوان ناتوانن پرۆژەیاسایەکى بودجە پێشکەش بکەن بە کورتهێنانێکى گەورەوە.
بریکارەكەى وەزارەتى پلاندانان دەڵێت: لەناو بودجەى بەکاربردندا میکانیزم دانراوە بۆ هاوکاریکردنى چینى هەژاران لە رێگەى دەستەبەرکردنى خۆراکى بنەڕەتیى نێو بەشەخۆراکى مانگانە، ئەوەش جگە لە زیادکردنى سەبەتەى خۆراک کە ئێستا 10 سەبەتە خۆراکە، گوتیشى، "گوشار لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە هەیە بۆئەوەى 12 بەشە خۆراکى سەبەتەى خۆراک لە ساڵى 2023دا ئامادە بکرێت."
ئەم هەواڵە 346جار خوێندراوەتەوە |