ZNA – هەولێر
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکراینا.
ڤلۆدیمێر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکراینا درێژەی هەیە.
سەرۆکی ئوکراینا باسی لەوە کرد، کە سوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە.
ڤلۆدیمێر زێلێنسكی گوتیشی: لە کۆی 15 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، 10 یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە و هەروەها رەوشی ناوچەی ئۆدیسا زۆر سەختە''.
سەرۆکی ئوکراینا، دەشڵێت: کە بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبا لە تەواوی ناوچەکە بڕاوە و لەئێستادا لە ئۆدیسا زیاتر لە یەك ملیۆن ونیو کەس بێ کارەبان، جگە لە ئۆدیسا لە زۆر ناوچەی دیکەی وڵات بەتایبەتی کیێڤ پچڕانی کارەبا درێژەی هەیە.
ئەم هەواڵە 316جار خوێندراوەتەوە |