ZNA-هەولێر سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، برێکی دیکەی پارە دزراوەکەی باجی بانکی رافیدەین گەڕێندراوەتەوە بۆسەر هەژمارە بانکییەکان و دەشڵێت، "کاروبارەکان بۆ گەڕاندنەوەی هەموو بڕەکە بەردەوام دەبێت و لە دوو هەفتەی داهاتوو سەرجەمی سێ ترلیۆن دینارەکە دەگەڕێندرێتەوە."
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بڕی ١٨٢ ملیار دیناری دیکە لە پارەی باجی بانکی رافیدەین گەڕێندراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لە کۆی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینارە دزراوەکەی پارەی باجی بانکی رافیدەین بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو ئەو بڕەی کە ماوە دەگەڕێندرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو هەریەکە لە دەستەی دەستپاکی عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایانگەیاند بڕی ٣١٧ ملیار دیناری لە پارەی باجی بانکی رافیدەینیان گەڕاندووەتەوە.
پێشتریش دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندبوو، لێکۆڵینەوە لەسەر دیار نەمانی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری عێراق دەکرێت و ئەو بڕە پارەیەش تایبەتە بە خەزێنەی دەوڵەت.
ئەم هەواڵە 283جار خوێندراوەتەوە |